AI Coding Assistants
  2025-01-08       120     
ژیری دەستکرد یان AI، تازەترین و باوترین دەستەواژەیە لە بواری تەکنەلۆجیای سەردەمدا کە گوێمان لێی دەبێت لەم ساڵانەی دوایدا، کە ئەگەر بە کورتی مەبەستەکەی بگەیەنین دەتوانین بڵێین کە بریتیە لە سوود وەرگرتن لە کۆمپیوتەر بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری زۆر تایبەت و پێشکەوتوو و لاسایکردنەوە و ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە مرۆڤ دەیانکات وەک تێگەیشتن و لێکدانەوە و وەڵامدانەوەی ژیرانە، پێناسەکەی هاوتایە لەگەڵ ناوەکەیدا کە دەستکردی خودی مرۆڤە کە مەبەست لێی ئاسانکردنی کارە دووبارە و زەحمەتەکانی مرۆڤە بە سوود وەرگرتن لەو هاردوێرە بەهێزانەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەن، بە جۆرێک کە کۆمپانیا گەورەکانی دروستکەری پڕۆسێسەر وەک Intel و Nvidia و AMD لە ئێستادا لە پێشبڕکێدان بۆ دروستکردنی پڕۆسێسەری بەهێزتر و کارامەتر کە بە وزە و قەبارەیەکی بچوکتر لە توانایدا بێت باشترین ئاست پێشکەش بکات.
ئێستا ئیتر کە زانیمان ژیری دەستکرد چیە، کاتی ئەوەیە باس لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بکەین بۆ کۆد نوسین و ئەوانەی لە ئێستادا هەن و بەکاردێن، بەڵام سەرەتا با باسێکی ئەوە بکەین کە مەبەستمان لە کۆد چیە، وشەی کۆد لای ئەو کەسانەی کە پڕۆگرامساز نین یان یەکێک لە بەشە کۆمپیوتەریەکانیان تەواو نەکردووە لەوانەیە تێگەیشتنێکی جیاوازی هەبێت، وەک کۆدی قفڵی مۆبایل یاخود پاسۆردی ئەکاونت و بەرنامەکان و ئەو بابەتانە. بەڵام جیاواز لەوانە، لێرەدا ئێمە مەبەستمان لە بەردی بناغەی هەموو کۆمپیوتەر و بەرنامە و ئامێرە ئەلکترۆنیەکانە کە ئەویش ئەو کۆدانەیە کە هاوشانی هاردوێری ئامێرەکان کاردەکەن و دروست کراون لە لایەن کەسانێک کە پێیان دەوترێت پڕۆگرامەر – پڕۆگرامساز یان کۆدەر – کۆدنووس یانیش دیڤیلۆپەر، کە لەڕێگەی ئەو کۆدانەوە شێواز و ڕێسا و یاسا و مەبەستی کارکردنەی ئەو ئامێر و بەرنامە و کۆمپیوتەرانە ڕێک دەخەن و دەنوسن تا دواتر کەسانی ئاسایی بتوانن سوودیان لێ وەربگرن بەبێ ئەوەی پێویست بکات بزانن چۆن دروست کراون.
پڕۆگرامەرەکان بە هەمان شێوەی کەسانی ئاسایی کە بۆ چەندەها مەبەستی جۆراوجۆر سود لەو ژیریە دەستکردانە دەبینن کە بەردەست خراون بۆ بەکارهێنان دەتوانن سودیان لێ ببینن، ئەگەر بە نموونە باسی باوترینیان بکەین کە بریتیە لە ChatGPT ـی کۆمپانیای OpenAI کە هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا پێشەنگ بووە لەو بوارەدا و زۆرترین ناوبانگ و بەکارهێنەری لەخۆی کۆ کردووەتەوە. دەتوانرێت سوود لە ChatGPT وەربگیرێت بۆ نوسینی کۆد تا ڕادەیەکی دیاریکراو ئەگەر تازە بیت و ئەگەر شارەزا بیت ئەوە وەکو هاوڕێیەکی لێدێت بۆت، بەجۆرێک لە هەر شتێک کێشەت بۆ دروست ببێت ڕاستەوخۆ دەچیت بۆلای ئەو.
تا ئێرە هەموو شتێک باشە، بەڵام ئەی ئەگەر بەدوای باشتردا بگەڕێت بۆ نموونە بتەوێت ئەو هاوڕێیە لەکاتی کۆد نوسیندا لەگەڵتدا بێت  تاکو ئەو ڕادەیەی کە ئاگاداری تەواوی بەشەکانی کۆدەکەت بێت لەجیاتی ئەوەی تەنها کە کێشەیەکت هەبوو هانای بۆ بەریت، ئەم کارە لەڕێی AI coding assistants ـەوە دەبێت کە بەردەوام ژمارەیان لە زیادبوونە و کێبڕکێیانە بۆ بوون بە باشترین لەو بوارەدا.
سایتی GitHub کە خاوەندارێتیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای Microsoft بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای  OpenAI،هەستان بە دروستکردنی GitHub Copilot ، کە لە بەرامبەر بڕێک پارە و لەڕێی بەشداریکردنی مانگانەوە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لەڕێی زیادکردنیەوە بۆ IDE  و Code Editor  ـی مەبەست، کە زۆربەیان پشتگیری دەکەن و بە ئاسانی ئامادە دەکرێت بۆ بەکارهێنان، شێوازی بەکارهێنانەکەی بەجۆرێکە کە دەتوانیت لەڕێگەی نوسینی کۆمێنتەوە بەو زمانی پڕۆگرامینەی کە دەتەوێت ئەو کارەی دەتەوێت پێی بڵێیت و بۆتی ئەنجام بدات، بەهەمان شێوەی ChatGPT ـیش دەتوانرێت وەک چاتێک هەر لەناو بەرنامەکە سوودی لێوەربگیرێت.
لەکۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوەش بدەم کە تەنها وەک نموونە باسم لەوانەی سەرەوە کردووە لەبەر ناسراوی و زۆری بەکار‌هێنەریان ئەگەرنا چەندان کۆمپانیا و گروپی گەورەی تر هەن کە خزمەتگوزاری لەو بوارەدا پێشکەش دەکەن و بەشێکیان بێ بەرامبەر دابینی دەکەن بۆ پڕۆگرامەرەکان و GitHub Copilot بێ بەرامبەرە بۆ خوێندکاران لەڕێی سایتی GitHub Education ـەوە کە داواکاری پێشکەش دەکەیت و لەدوای پێداچونەوە بە داواکاریەکەت لەماوەیەکی کەمدا بەردەستی دەکەن بۆ ئەکاونتەکەت.



ئامادەکردنی : بوار بەختیار حسن
Copyright © 2018, Baban Institute Powered by Kurdsoft